مەم و زین
مەم و زین چیرۆکی ئەوینداریی دڵتەزێنی کوڕێک بە ناوی مەم و کچێک بە ناوی زینە کە ئەحمەدی خانی

شاعیری گەورەی کورد لە ساڵی ١٦٩٢ لەسەر بنەمای چیرۆکێکی ڕاستیدا بە شێوەزاری کورمانجی کردوویەتی
بە مەسنەوییەکی بەنرخ و درێژ. مەم و زینی ئەحمەدی خانی یەکێک لە بەرھەمە گرینگەکانی وێژەی
کلاسیکی زمانی کوردییە. یەکەم جار لە ١٩١٩ لە ئەستەمبوڵ چاپ کراوە. ھەژار شاعیر و نووسەری کورد،
ھەر بە ھۆنراوە وەریگێڕاوەتەوە بۆ زاری موکریانی.
ساڵی ١٩٩١ لە تورکیا فیلمێک لەم چیرۆکە دروست کرا کە دەرھێنەری Ümit Elçi بوو و بەھۆی قەدەغە بوونی
بەکارھێنانی کوردی لەو سەردەمەدا بە زمانی تورکی دروستکرا. ئەم فیلمە بە نیشاندانی ئێوارەیەکی
نەورۆزەوە دەست پێدەکات کە پیرەپیاوێکی کورد خەریکە چیرۆکی مەم و زین دەگێڕەتەوە بۆ لاوانی گوندەکە.
پاشان فیلمەکە دەگەڕێتەوە بۆ کاتی ڕوودانی چیرۆکەکە. ئەم فیلمە لە دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە
لەندن لە ساڵی ٢٠٠٢ بەشداریی کرد
زینەدین، میری بۆتان، دوو خوشکی ھەیە بە ناوەکانی «زین» و «ستی» (Sitî)
کە لە جوانیدا بەناوبانگن. «تاجدین» یەکێک لە پیاوانی ژێردەستی میرە کە زۆر لایدا خۆشەویستە. تاجدین
برادەرێکی ھەیە کە لە برا نزیکترە پێی و ناوی «مەم»ە. ئێوارەیەکی نەورۆز کە ھەموو خەڵکی گوندەکە لە دەرن
و خەریکی جەژن و گۆبەندن مەم و تاجدین جلی کچانە لەبەر دەکەن.
تاژدین و مەم ئەو دوو شێر دڕانە پۆشیان شمەک و جلی کچانە
ھەوری لە ملان بە ئۆیە دەسماڵ تافتە کوڵەجە کراس و لێو ئاڵ
کاکۆڵ بوو ببوو بە بسک و پەرچەم ھەر دوو کچی قۆز ئەگەر ببا مەم!
ھەر بۆیە بوو کەس ئەوان نەناسێ باش گوێ دەنە بەزم و دەنگ و باسێ
زین و ستیش جلی کوڕان لە بەردەکەن و …
بێوێنە دو کوڕ، دوو تازە لاون سێبەنگی برۆن و مەستەچاون
یەک ڕەنگ و شمەک گەلێ تەیارن بێگانە و ڕەنگ نەناس دیارن
باڵا کەڵەگەت نیان و نەرمن تا چاو دەیەوێ بە ناز و شەرمن
ھەر لەو جێ کە چاو کەوت بە چاوان یەکجێ فڕی ھۆش و دڵ لە تاوان
فرمێسک ئەڕژان لە چاوی تاژدین مەم بوو بە بەفر لە تاوی ھاوین
..
بوو ڕانی ستێ سەرینی تاژدین جێی گرت سەری مەم لە باوەشی زین
لێویان دەخشاند بە کوڵم و خاڵا چاوتێر نەدەبوون لە بەژن و باڵا
تاجدین و مەم دەیانەوێ پێکەوە بڕۆنە داوای ستی و زین، بەڵام پێیان دەڵێن کە بەیەک جار دوو کچی ماڵێ بە شوو نادرێن. مەم و تاجدین بڕیار دەدەن کە سەرەتا تاجدین بڕواتە خوازبێنیی و پاشان مەم. میری بۆتان لە خوازبێنیی تاجدین خۆشحاڵ دەبێ و ستی و تاجدین زەماوەند دەکەن.
دوای دەمێک ڕۆژێک میر دەچێ بۆ ڕاو و بە ھەموو خەڵکی گوندەکە دەڵێ لەگەڵیدا بێنە دەرەوە. مەم و زینیش کە ماوەیەکە لە یەک دوور کەوتوون و لە عیشقی یەکدا دەسووتن، لە باخی میردا یەکتر دەبینن. ئێوارە کە میر و ڕاوکەران دێنەوە، بەسەریاندا دێن، کە بە ھێژایی تاجدینەوە، میر ئاگادار نابێ. بەڵام پاش ماوەیەک «بەکۆ» (بەکر) وەزیری زاڵم و دڵپیسی میر، ڕازەکە لای میر ئاشکرا دەکات.
میر بەستی بە دەستی خۆی دەسی مەم تاژدین بەری چاوی گرت تەمی خەم
خونکار، مەمی دایە دەستی دژدار زیندان بووە جێگە بۆ مەمی ژار
ئەو شارە ھەمووی، جوان ھەتا پیر بۆ گرتنی مەم پەشێو و دڵگیر
ماوەیەک مەم لە گرتووخانە دەبێ. تاجدین و براکانی بۆ شفاعەت دەچن بۆ لای میر. میر دەڵێت:
گەنجینەم و ھەژدیھامە تاژدین تاریکە شەوم، چرامە تاژدین
خۆی دانێ وەکوو برابەشی من زین و مەمی ویستووە، پێشکەشی بن
بەڵام پێش ئەوەی ھەواڵی بەخشینی میر بگات بە مەم، بەکۆ ژارئاوی پێدەدات. کاتێک زین ھەواڵەکە دێنێت بۆ مەم، مەم گیانی تیا نەماوە.
ئەی مەم وتی: بۆت گەلێ بەتاسەم گیان بێنەوە بەر بە بای ھەناسەم
بۆی ژیاوە مەمۆ بە گفتی زینێ بووژایەوە بەش بڕاو لە ژینێ
ھەر چاوی کەوت بە مەستی چاوی تین ھاتەوە بەر دڵ و ھەناوی
مەم ئەوەندە نامێنێت و لە ئامێزی زیندا دەمرێ. زین بەزەیی بە بەکۆدا دێ و ئازاوی دەکات. زین لە شینی مەمدا خۆی دەکوژێ و تاجدینیش بەکۆ دەکوژێ. مەم و زین لەپاڵ یەکدا و بەکۆش لە خواری ئەواندا دەنێژن