رەنج سەنگاوی
رەنج سەنگاوی
ساڵی1977 له سەنگاو له دایک بووه له ساڵی 1997ەوه شیعرەکانی له رۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاودەکاتەوه،بەشیک له شیعرەکانی له لایان هونەرمەندانی کوردەوە کراون به گۆرانی،ساڵی 2005 کۆمەڵێ شیعری بەناوی مەهێلە کاڵ بیتەوه چاپ دەکا،ئێستا خۆێندەکاره لە بەشی راگەیاندنی کۆڵێژی مرۆییەکانی زانکۆی سلێمانی.
مەهێڵە کاڵ بیتەوە
بەو هاتنەت
تۆ هەموو ئارامی منت هەژاند بوو
داروبەردو
گوڵەکانی ئەو ناوەشت گریاندبوو
که هاتبووی
درەختەکان به چپە ماچیان کردبووی
جوتێ کورسی چاوەروانیش
تێر بۆنی پرچیان کردبووی
ڕازێ لەوێ چاوەڕوان بوو
دڵی پڕ قوڵپی گریان بوو
لەوێ نەبووم تابه سەرتا
گریانی ساڵێ بڕژێنم
ئەوە بۆنەی شەوان بۆت ئەگری
به باڵاتیدا بپژێنم
تۆ نازانی چ ڕازێکی پڕ له تاسەی دڵی منیت
لە هەموو شۆێنێ ئەتبینم
هەرچەند ساڵانێکه ونیت
لەو رۆژەوەی بەدوا نامەت دڵی منت شکاندووە
چاوەکانم له ئاوێنەی ژوورەکەتا ڕواندووه
هەرچەند خۆتت گۆڕیوه
چەند جار پرچت داهانیوە
تەنانەت فرمێسکەکانت
لەوماوەدا هەمووم دیوه
تەنانەت ئێوارەیەکیان
نازانم دڵت بۆ تەنگ بوو
نەمزانی بۆ هەموو دنیا
لە بەر چاوت شەوە زەنگ بوو
بەدەم کۆڵێ مەراقەوە
هاتی دەرگاکەت کردەوە
لە بەر ئاوێنەی ژورەکەت
پرچت وشک ئەکردەوە
که بینیتم...
دوو دڵۆپ فرمێسکی چاوم
له ئاوێنەکەوه تکا
واتزانی تکەی پرچت بوو
سڕیت و نەچووی بەشکا
هەر که ژورەکەت جێ دێڵی
چاوەکانم چاوروانن تا دێیتەوە
برینێکی له سەر دڵم
ڕۆژی هەزار جار ئەکولێتەەوە
که شەوانی زستان ئەنوم
بۆ ئەوەی دڵم لات نەبێ
دەستەکانی خۆم ئەنێرم داتبپۆشن
بۆ ئەوەی تۆ سەرمات نەبێ.
زۆر شەوانه وا هەست ئەکەم
ترپەی دڵم ئەبژێریت
بۆم بنوسه توخوا خۆتی
یا هەستەکانت ئەنێری؟..
هەر کە ئەمەوێت بتبینم
هێنده بە حەسرەتەوە دێم
درەختەکانی ئەو ناوەش
ئێستا هەموو بون ب هاوڕێم
تەنانەت بەیانیەکان
زۆری نەمابوو بتگەمێ
ویستم نامەیەکی ئاڵی
پڕ له خۆشەویستیت بەمێ
بەڵام درەختێت پێی ووتم
با پەشیمان نەبیتەوه
تۆ کورێکی پڕ له رەنگی
مەهێڵه کاڵ بیتەوە
تەخنە ڕەش
خۆشەویستم
که لە پۆڵا دائەنیشم
ورد بۆ تەختەکە ئەروانم
خێرا مامۆستا پێم ئەڵێ
رۆڵە هەسته وەرە پێشێ
پێئەچێ ئەویش یزانێ
شتێ هەیە رام ئەکێشێ
خۆ مامۆستاکەم سەەدان جار
تەختە رەشەکەی سڕیوه
کەچی هەر ناکوژێیتەوە
وا چاوت له من بڕیوه
خۆێندەکارەکەی تەنیشتیشم
وەک ئەوەی بمخۆێنێتەوە
زوو زوو ئەکێشێ بەدەستماوە
دڵی ڕۆشتوم دێنێتەوە
ئەم سەری ساڵە بێتەوە
گوڵم بۆ کارتەکەم ناچم
دڵنیام جگه له عەشق
لە هیچ وانەیەک دەرناچم.
مەم و زین
دۆێنێ درەنگ چوومه ژورێ
مامۆستا کوردسمان ویستی لێم ببورێ
بەڵام که ویستم دانیشم
لێڤێکسەکەم کەوته خوار له دەستم
مامۆستا کەوته گومان و
ئەتر هەستی پێ کرد مەستم
هەر خۆێندەارەو پەرەیێکیان هەڵگرتەوە
کە لێڤێکسەکەم لێکەوت
بەڵام نامە تازەی تۆ
بەردەستی مامۆستاکەم کەوت
خۆێ رانەگرت خۆێندیەوە
که بینی له دێرەکانا
من و تۆ چەنێ به مەستی بۆ یەک ئەژیین
وتی ڕێزمان لابەرن و وانەکەی کرد به مەم و زین
کاتەکان
بەیانیان شیعرێ
عەسران خەیاڵێ
ئێوارە گریانێ
نیوە شەویش خەوێ
بێ لەوەی لە دڵی خۆمەوە
ڕۆژانه سەدان جار
ئەڵێم تۆم خۆش ئەوێ
Ok
خۆشەویستم
لەو رۆژەوەی
کەوا ژمارەو کۆدی تۆم
لە ناو دڵی مۆبایلەکەمدا داناوه
جێگەی کەسی تر ناگرێ
ئەو(Ok)یه
هەزار جار پەنجەم پیا ناوه.
تەتە
خۆشەویستم هەتا پاریش
مه به خەمم دەوت تەتە
لەو کاتەی تۆم ناسیوە
باڵای خەمم
دوو هێندەی خۆم کەڵەگەتە
شەراب
بریا منیش شەرابم خۆشبویستایه
بەس نیه تۆ گریانت بێ
دێ به هاناتەوە پێکێ
ئەی کە من خەم یەخەم ئەگرێ
باوەش بگرمەوە بۆ کێ؟.
شیرینی
لێم ببوره خۆشەویستم
بۆ ماوەیێک...
رێگەت پێ نادەم بمبینی
دۆێنێ دوکتورێ پێی وتم
خۆت دوور بگره له شیرینی.
کە ئێواران
به پیاسه له گەڵم دێیت و
به هێمنی دەستم ئەگریت
ئەو شەقامە فراوانه
لام ئەبێ بە دێڕی شیعرو
خەڵکەکانیش کۆمەڵێ پیت.
ماچ
دڵم نایه ماچت بکەم
چونکه لێوم
تا بڵێی شەڕانی و شێنه
ئەترسم وا تێبگەی
ڕقم لێته.
ناو
من ئەوندە تۆم خۆش ئەوێ
هەموو رۆژێ
که له پۆڵا که مامۆستاکەت ناوت ئەڵێ
حەز ئەکەم من له بەری تۆ بڵێم بەڵێ
شکان
خۆشەویستم
تۆ منیشت فێر کردووه
زۆز پەیوەیست بم به هەستمەۆه
هێنده ناسکی ئەترسم
ڕۆژێ بشکێ به دەستمەوه
هەنسک
ئەو ئێوارەی رۆیشتیوو
به هەنسکس گریانەوە
ماچت کردم
هەستم کرد له دڵتا مردم.