زمان و زاراوه
وتووێژ ده‌گه‌ڵ دوكتور ئه‌میری حه‌سه‌نپوور
س. ڕێڤینگ: جیاوازیی زمان و زاراوه چییه؟ مرۆڤ له سه‌ر چ ئه‌ساسێک ده‌توانێ بڵێ سۆرانی و كرمانجی زاراوه‌ی زمانێكن؟
ئه‌میری حه‌سه‌نپوور: ده زانستی زمان‌ناسی(Linguistik) دا پێوانه‌یه‌ک نییه كه بتوانی به پێی وی بڵێی ئه‌وه زاراوه‌یه یان زمانه. زاراوه به‌شێكه له زمانێک. كاتێک ئێمه ده‌ڵێین كرمانجی، سۆرانی، دملی[زازایی]، هه‌ورامی زاراوه‌ی كوردین، به‌ر له هه‌موو شتێک له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه لێک نیزیكن.
س. ڕێڤینگ: له سه‌ر چ ئه‌ساسێک؟
ئه‌میری حه‌سه‌نپوور: له سه‌ر ئه‌ساسی فۆنۆلۆژی، گڕامێر، سێنتاكس و مۆڕفۆلۆژی لێک نیزیكن. كاتێک تۆ سۆرانی ده‌گه‌ڵ فارسی پێكبگری، ده‌بینی كه زیاتر له كرمانجی نیزیكه تا له فارسی. ڕاسته فارسی، سۆرانی، كرمانجی ڕه‌گ و ڕیشه‌یان یه‌كه، به‌ڵام كرمانجی و سۆرانی له چاو فارسی لێک نیزیكترن. بێگومان هۆیه‌كه‌ی دیكه‌ی مێژوویی و سیاسییه كه كرمانجی، سۆرانی، دملی، هه‌ورامی، هه‌موو خۆیان و یه‌كتر به كورد ده‌زانن. له لای ئه‌حمه‌دی خانییش كورد و كرمانج هه‌ر یه‌ک ما‌نایان هه‌بووه.
دملی و هه‌ورامی له باری ستروكتوره‌وه له‌وانه‌یه بڕێک له كرمانجی و سۆرانی دوور بن، به‌ڵام له باری سیاسی و مێژوویییه‌وه له كرمانجی و سۆرانی نیزیكترن تا له فارسی و ئه‌فغانی و ئۆسێتی[زمانێكی ئێرانییه، له گورجستان نیزیكه‌ی میلیۆنێک قسه‌ی پێ ده‌كه‌ن.]. هه‌ورامی و دملی خۆ به كورد ده‌زانن. كرمانج و سۆرانیش به كوردیان ده‌زانن. له باری مێژووییشه‌وه هه‌ر وایه.
م. له‌وه‌ندی: باشه په‌شتوویی و فارسییش لێک نیزیكن. ته‌نانه‌ت له سۆرانی و كرمانجی لێک نیزیكترن. بۆچی وه‌ک زمانێک داناندرێن؟
ئه‌میری حه‌سه‌نپوور: په‌شتووه‌كان خۆیان به فارس نازانن. فارسه‌كانیش ئه‌وان به فارس نازانن. كه له باری مێژوویی و سیاسیشه‌وه لێیان بڕوانی دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاوازن.
م. له‌وه‌ندی: یانی مه‌سه‌له‌ی یه‌ک میلله‌ت بوون ته‌نیا به زمان و زاراوه‌وه گرێ نه‌دراوه؟
ئه‌میری حه‌سه‌نپوور: نا، ده‌بێ له باری سیاسی و مێژووییشه‌وه لێک نیزیک بن. له باری ستروكتوری زمانه‌وه فارسی و په‌شتوویی له هه‌ورامی و سۆرانی لێک نیزیكترن، به‌ڵام چ سۆران بن چ هه‌ورامی بن هه‌ردووكیان پێكتر ده‌ڵێن كورد. هه‌ردووكیان یه‌كتر به كورد ده‌زانن. به بڕوای من هه‌ر ئه‌وه گرینگه. به‌ڵام چ ده مێژوو دابێ و چ ئێستا بێ، هیچكاتێک په‌شتوویییه‌ک به خۆی نه‌گوتووه فارس. هه‌ر خۆی وه‌ک میلله‌تی په‌شتوو دیوه.
م. له‌وه‌ندی: باشه كه وابێ زاراوه چییه؟ ئه‌گه‌ر فارسی و په‌شتوو له هه‌ورامی و سۆرانی لێک نیزیكتر بن، بۆ ده‌ڵێین په‌شتوو زمانێكه و فارسی زمانێک؟
ئه‌میری حه‌سه‌نپوور: ئه‌من له سه‌ره‌تاشدا گوتم، نه‌ک هه‌ر له باری زمانه‌وه، به‌ڵكو له باری كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتوری، سیاسی و مێژووییشه‌وه كرمانجی، دملی، سۆرانی و هه‌ورامی میلله‌تێكن، به‌ڵام فارس و په‌شتوو وا نین.
له باری زمانناسیشه‌وه پێوانه‌یه‌كی ده‌قیق نییه كه تۆ به پێی وی بتوانی جیاوازیی نێوان زمان و زاراوه دیاری بكه‌ی. بۆیه كاتێک ده‌ڵێین دملی، سۆرانی، كرمانجی، هه‌ورامی زاراوه‌ی كوردین، نه‌ک هه‌ر له باری ستروكتوری زمانه‌وه، به‌ڵكو له باری سیاسی و مێژووییشه‌وه‌یه كه ئێمه ده‌ڵێین هه‌موو كوردن و زاراوه‌كه‌شیان زاراوه‌ی كوردییه. كاتێک له ده‌رسیم سه‌رهه‌ڵدانێک هه‌بوو، له هه‌موو پارچه‌یه‌كی كوردستان گه‌لی كورد ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌ی به خه‌باتی خۆی ده‌زانی، كورده‌كانی ده‌رسیمیش ئه‌وه‌ی به خه‌باتی كوردان ده‌زانن، چونكه بۆ سه‌ربه‌خۆبوونی كوردستان سه‌ری هه‌ڵداوه. ئه‌وه‌ش له هه‌موو شتێک گرینگتره. یان نموونه‌یه‌كی دی: هه‌ورامی زمانی ڕه‌سمیی ئه‌ماڕه‌تی بابان بوو. ئه‌و ئه‌ماڕه‌ته یه‌کێک له ئه‌ماڕه‌ته هه‌ره ناوداره‌كانی كوردان بوو.
م. له‌وه‌ندی: به‌ڵێ، به‌ڵام بۆچی ئێمه ده‌ڵێین زاراوه، زاراوه چییه؟
ئه‌میری حه‌سه‌نپوور: زاراوه لقی زمانێكه. وه‌ک ده بیۆلۆژی دا كاتێک ده‌گوترێ شێر، شه‌پاڵ(به‌چكه شێر)، پڵینگ و پسک(پشیله)، مرڤ ده‌ڵێ پڵینگ حه‌یوانێكی سه‌ر به‌و خێزانه‌یه. زاراوه‌ش هه‌ر وایه. ئه‌گه‌ر كوردی وه‌ک خێزان قه‌بووڵ بكه‌ین، سۆرانی، هه‌ورامی، دملی و كرمانجییش ده‌كه‌ونه نێو ئه‌و خێزانه‌وه. وه‌ک ئه‌من ده پێشداش گوتم، ده زانستی زمان دا جیاوازیی نێوان زمان و زاراوه به باشی ڕوون نه‌كراوه‌ته‌وه. دیسان دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه، به ڕای من گرینگ هه‌ر ئه‌وه‌یه كه خاوه‌نی ئه‌و زاراوانه هه‌موو له باری مێژوویی و سیاسییه‌وه خۆ به نیزیكی یه‌ک ده‌زانن و هه‌مووشیان به خۆیان و به‌ویدی ده‌ڵێن كورد. ئه‌وه‌ی گرینگه هه‌ر ئه‌وه‌یه.
له باری فۆنۆلۆژی و هێندێک ستروكتوری زمانه‌وه كاتێک مرۆڤ ده‌ڕوانێته فارسی، ئیسفه‌هانی، ده‌ری، په‌شتوویی و تاجیكی، ده‌كرێ بڵێی ئه‌وانه زاراوه‌ی زمانێكن. به‌ڵام له هه‌مانكات دا ده‌ڵێن هه‌ركام له‌وانه زمانێكی سه‌ربه‌خۆیه، كه‌چی خاوه‌نی ئه‌و زمانانه؛ با بڵێین فارسه‌كان خۆیان به ئه‌فغانی، یان تاجیكه‌كان خۆیان به ئه‌فغانی نازانن. هه‌ركام خۆیان وه‌ک میلله‌تێكی جیا ده‌بینن.
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
سه‌رچاوه: گۆڤاری ئاڕمانج، ژماره 134
- به‌ڕێوه‌به‌رانی گۆڤاری ئاڕمانج ئه‌و وتووێژه‌یان ده‌گه‌ڵ كاک ئه‌میری حه‌سه‌نپوور كردووه. ئه‌من هه‌ر ئه‌و به‌شه‌م له‌و وتووێژه ده‌ركێشاوه كه پێوه‌ندی به زمان و زاراوه‌وه هه‌یه. وتووێژه‌كه‌م له كرمانجییه‌وه كردووه به سۆرانی و ڕێنووسه‌كه‌شیم له لاتینییه‌وه هێناوه‌ته سه‌ر ڕێنووسی خۆمان. - هێدی-
+ نوشته شده در ۱۳۸۹/۰۲/۲۸ ساعت 11 توسط کامی
|